یان (Arginine Vasopressin (AVP)) :
هۆرمۆنی (ADH) یەکێک لە گرنگترین ئەو هۆرمۆنانەیە کە لەلایەن هایپۆسالەمەس (Hypothalamus)ی مێشکەوە دەردەدرێت و لە ژێرمێشکە ڕژێندا (Posterior Pituitary Gland) پاشەکەوت دەکرێت، پاشان دەڕژێتە ناو خوێنەوە لە کاردانەوەی بۆ تێکچوونی ئۆزمۆلالتی خوێن ( Blood Osmolality)، تێکچوونی ئۆزمۆلالتی خوێن دەبێتە هاندانی بڕی دەردانی هۆرمۆنی (ADH) کە لەو ڕێگەیەوە هاوسەنگی قەبارەی خوێن ڕادەگرێت.
بە گشتی بڕی هۆرمۆنەکە لە شەواندا زۆرە تا یارمەتی هێشتنەوەی ئاو بدات و بەرگری بکات لە میزهاتن لەکاتی خەودا، هەربۆیە کەمی بڕی هۆرمۆنەکە دەبێتە هۆی دروست بوونی برێکی زۆر میز و زووزوو میزهاتن لە شەواندا، هەندێک جار سیستمی دەردانی هۆرمۆنەکە لە منداڵاندا بە هێواشی گەشەدەکات ئەمەش وادەکات کە منداڵەکە بە شەودا زووزوو میزی بێت و هەندێک جار توانای ڕاگرتنی میزەکەی نەبێت و جێگاکەی تەڕ بکات.
گرنگی هۆرمۆنی (ADH):
هۆرمۆنی (ADH) کاری ڕاگرتنی هاوسەنگی ئۆزمۆلالتی خوێنە (Blood Osmolality)، بە ڕاگرتنی هاوسەنگی ئاو لەلەشدا، هۆرمۆنەکە کار لە خانەکانی تیوبڵی گورچیلە (Distal Convoluted Tubule) دەکات، بەمەش کۆنترۆڵی بڕی هەڵدەمژینەوەی (Reabsorb) ئەو ئاو و خوێیانە دەکات کە لەلایەن گورچیلەکانەوە لە کاتی پاڵاوتنی خوێن و فڕێدانە دەرەوەی پاشەرۆدا دەپاڵێورێن، بەمەش قەبارەی خوێن (Blood Volume) بە هاوسەنگی دەهێڵێتەوە نایەڵێت لەش تووشی ووشک بوونەوە ببێت، بڕی هۆرمۆنی (ADH) کاریگەری دەبێت لەسەر خەستی و ڕوونی ئەو میزەی کە لەلایەن گورچیلەکانەوە دەپاڵێورێت.
مانای (Blood Osmolality) چیە؟
بریتی یە لە بڕی مادەی تواوەکان لە خوێندا وەک؛ سۆدیۆم (Sodium)، پۆتاسیۆم (Potassium)، کلۆراید (Chloride)، کالیسیۆم (Calcium).
* زیادبوونی ئۆزمۆلالتی (Osmolality) لە ئەنجامی زۆربوونی (سۆدیۆم) لە خوێندا، یان کەمبوونی ئاوی ناو خانەکان (Dehydration) یان زۆربوونی شەکر لە خوێندا.
* کەمبوونی ئۆزمۆلالتی (Osmolality) بەهۆی کەمی بڕی سۆدیۆم (Sodium) لە خوێندا یان زۆربوونی ئاو خواردنەوەیە (Over Hydration).
لە هایپۆسەلەمەسی مێشکدا بەشی (Osmotic Sensors)، کاردانەوەی دەبێت بەرامبەر بە گۆڕانی ئۆزمۆلالتی خوێن(زیادبوون یا کەمبوونی قەبارەی خوێن و بڕی ئاو و گەردەتواوەکانی ناو خوێن وەک سۆدیۆم (Sodium) پۆتاسیۆم (Potassium) کلۆراید (Chloride) دوانەئۆکسیدی کاربۆن (Carbon Dioxide))، بەمەش هاوسەنگی بڕی دەردانی هۆرمۆنی (ADH) ڕادەگرێت.
لەکاتی تێکچوونی هاوسەنگی ئەم گەردانە یان لەکاتی بەرزبوونەوەی فشاری خوێن، (Baroreceptors) ئاماژە بە گورچیلەکان دەدات تا هاوسەنگی کردنەدەرەوەی ئاو ڕابگرێت.
کەی شیکاری (ADH) پێویستە ئەنجام بدرێت؟
– لەوکەسانەی بەردەوام گرفتی کەمی سۆدیۆمیان هەیە بەبێ بوونی هیچ هۆکارێکی ئاشکرا یان نیشانەکانی گرفتی ناهاوسەنگی ئۆزمۆلالتی (Blood Osmolality)هەیە، (تینوێتی لەڕادەبەدەر و بەردەوام، زووزوومیزکردن، ووشکبوونەوە).
– هەروەها ئەم شیکاریە سوود لێوەردەگیرێت بۆ دەستنیشانکردنی شەکرەی درۆزنە (Diabetes Insipidus) و جیاکردنەوەی هەردوو (Central Diabetes Insipidus)(Nephrogenic Diabetes Insipidus)، دەستنیشانکردنی کۆنیشانی (Syndrome of Inappropriate Antidiuretic Hormone)(SIADH).
نیشانەکانی ناڕێکی بڕی هۆرمۆنەکە:
چەندین هۆکاری هەن کار لە بڕی دەردانی هۆرمۆنی (ADH) یان وەڵامدانەوەی گورچیلە بۆ هۆرمۆنەکە دەکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی چەندین گرفتی تەندروستی ئاسایی و مەترسیدار.
بڕی ئاسای هۆرمۆنی (ADH) لە خوێندا:
بریتییە لە (5-1)(pg/ml) واتە یەک بۆ پێنج پیکۆگرام لە مڵێکدا.
کەمی بڕی هۆرمۆنەکە:
کەمی بڕی هۆرمۆنەکە یان وەڵام نەدانەوەی گورچیلە بۆ هۆرمۆنەکە، دەبێتە هۆی لەدەست دان و فڕێدانە دەرەوەی ئاوێکی زۆر لەرێگەی میزەوە، و دابەزینی ڕێژەی ئاو و قەبارەی خوێن (بەمەش دەبێتە هۆی خەستبوونەوەی خوێن)، چەند نیشانەی تەندروستی بەدوای خۆیدا دێنێت وەک:
* زووزوو میزکردن و بڕێکی زۆر میزکردن (Polyuria).
* تینوێتی لەڕادەبەدەر (Polydipsia).
* ووشکبوونەوە و لەدەستدانی ئاوی لەش (Dehydration).
* بەرزبوونەوەی ڕێژەی سۆدیۆم لە خوێندا.
** هەروەها کەمی بڕی هۆرمۆنەکە دەکرێت بەهۆی خواردنەوەی بڕێکی زۆری ئاوەوە بێت.
دەرکەوتەکانی کەمی هۆرمۆنی (ADH) هەروەها پێشی دەوترێت (Diabetes Insipidus) یان شەکرەی درۆزن، کە ئەمیش دوو حاڵەت لەخۆدەگرێت:
یەکەم: (Central Diabetes Insipidus) سەرهەڵدەدات بەهۆی دەردانی بڕێکی کەم لە هۆرمۆنەکە لەلایەن هایپۆسەلەمەس یان ژێرمێشکە ڕژێنەوە، کە دەکرێت بەهۆی هۆکاری بۆماوەی یان بەرکەوتنی زەبر وئازاربەر سەر، یان هەوکردن پەردە و شانەکانی مێشک (Encephalitis or Meningitis) و یان دروست بوونی گرێ یان لوو لە مێشکدا.
دووهەم: (Nephrogenic Diabetes Insipidus) بەهۆی لەدەستدانی توانای گورچیلەکان بۆ وەڵامدانەوەیان بۆ هۆرمۆنی (ADH) سەرهەڵدەدات و گورچیلە توانای خەستکردنەوەی میز و هەڵمژینەوەی ئاوی کەم دەبێتەوە، کە دەکرێت بۆماوەیی یان بەهۆی نەخۆشیەکانی گورچیلەوە بێت. ( لەم بارەدا بڕی هۆرمۆنەکە ئاسایی یان بەرز دەبێت)، بەڵام هەمان نیشانەکانی (Central Diabetes Insipidus)ی هەیە.
** لە هەردوون بارەکەدا دەبێتە هۆی لەدەستدانی ئاوێکی زۆر لە ڕێگەی میزکردنەوە توشبوانی ئەم حاڵەتە زووزوو میزدەکەن (زیاتر لە شەواندا) وە میزی ئەم کەسانە ڕوون و پاک و بێڕەنگە.
جیاوازی چییە لە نێوان شەکرەی ئاسایی و شەکرەی درۆزن (Diabetes Insipidus)؟
لە شەکرەی ئاساییدا ڕێژەی ئەنسۆلین (Insulin) و گلوکۆز(Glucose) نا هاوسەنگ دەبن (ئەنسۆلین کەم دەکات و گلوکۆز زیاد دەکات) بەڵام لە شەکرەی درۆزندا (Diabetes Insipidus) هیچ پەیوەندیەکی بە ڕێژەی ئەنسۆلین و گلوکۆزەوە نییە، بەڵکو چەند نیشانەیەکی هاوبەش هەیە لە نێوانیاندا وەک (زۆر تینوبوون و زۆرمیزکردنە)، هەروەها لە میزی توشبوانی شەکرەی ئاساییدا بڕی شەکر زۆرە بەڵام لە توشبوانی شەکرەی درۆزندا (Diabetes Insipidus) شەکر لە میزەکەیاندا نییە یان زۆر کەمە.
بەرزی ڕێژەی هۆرمۆنەکە:
زیادبوونی بڕی هۆرمۆنەکە دەبێتە هۆی هێشتنەوەی ئاوێکی زۆر لە خوێندا، و زیادبوونی قەبارەی خوێن و دەرکەوتنی چەند نیشانەیەکی وەک:
* دڵتێکەڵهاتن.
* سەرئێشە.
* بێهێزی.
* ناهاوسەگی.
* دابەزینی ڕێژەی سۆدیۆم لە خوێندا.
بەرزی ڕێژەی هۆرمۆنەکە بەگشتی لە حاڵەتێکی تەندروستی تایبەت و مەترسیداردا دەبێت، ئەویشئەویش پێی دەڵێن کۆنیشانی (Syndrome of Inappropriate Antidiuretic Hormone) یان (SIADH)ە، لەم بارەدا ڕێژەی دەردانی هۆرمۆنەکە زۆر و ناڕێک و پێکە، زیادبوونی بڕی هۆرمۆنەکە لە خوێندا دەبێتە هۆی هەڵمژینەوەی ئاوێکی زۆر لەلایەن گورچیلەکانەوە بەمەش ڕێژەی سۆدیۆم و ئۆزمۆلالتی خوێن دادەبەزن.
لەم بارەدا دەردانی بڕی زۆری هۆرمۆنی (ADH) لە کاردانەوەی لەش بۆ بەرزی ئۆزمۆلالتی خوێن(Blood Osmolality) یان کەمبوونەوەی قەبارەی خوێن(Blood Volume) نییە، بەڵکو گرفتی تەندروستی دیکە دەبێتە هۆی هاندانی لەش بۆ دەردانی بڕی زۆری هۆرمۆنەکە، (SIADH) هەندێکجار بە شێنەیی تەشەنە دەکات و دەکرێت هیچ نیشانەیەکی نەبێت، بەڵام لەکاتی سەرهەڵدانی لەناکاو دەکرێت ببێتە هۆی؛ (دڵتێکەڵهاتن و ڕشانەوە، سەرئێشە، سەرسوڕان و گێژبوون، و لە توندبوونی حاڵەتەکەشدا دەبێتە هۆی لە هۆش چوون (Coma) و گرژبوونی ماسولکەکان (Convulsions)).
ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی ناڕێکی بڕی دەردانی هۆرمۆنی (ADH) و کە دەکرێت هەندێک جار لە باری زیادبوونی (ADH) دا ببێتە هۆی (SIADH) :
چەند هۆکاری سەرەکی و لاوەکی هەن کە دەکرێت ببنە هۆی زیادبوون و کەمبوونی بڕی هۆرمۆنەکە کە لەوانە:
* خواردنەوەی بڕێکی زۆر ئاو.
* هەندێک جۆری دەرمان وەک (ستیرۆیدەکان، هەندێک جۆری دەرمانی فشاری خوێن وەک (Clonidine)، دەرمانی چارەسەرە دەرونیەکان وەک گەشکە (Seizure) یان خەمۆکی (Antidepressant)، خانەی بچووکی شێرپەنجەی سییەکان)… هتد
* خواردنەوە کحولیەکان.
* هەندێک جۆری شێرپەنجە.
* لەکاتی بوونی نەخۆشی مێشک و دەمارەکان (Multiple Sclerosis).
* ووشکبوونەوە (Dehydration).
* ناهاوسەنگ بوونی شلەمەنی ناولەش لەدوای نەشتەرگەری (Fluid Imbalance).
* نەخۆشی سییەکان (هەوکردنی سییەکان) وەک (Cystic Fibrosis)(Tuberculosis)
* تەمەن.
* فشاری دەروونی و نەخەوتنی شەوانە.
* فشاری خوێن.
* برینداری مێشک یان زەبر بەرکەوەتنی مێشک (Trauma).
* گرێ ی مێشک (Brain Tumour).
* هەوکردنی مێشک و شانەکانی دەوری مێشک.
* جەڵتەی مێشک.
شیکاریە پەیوەندارەکان:
– Urine Osmolality.
– Blood Osmolality.
– Electrolytes (Sodium, Potassium, and Chloride)