شیکاری پڕۆتینی ئینتەرلیووکین- ٦

Interleukein- 6

ئەم پڕۆتینە (IL-6) یش ناسراوە. جۆرە پڕۆتینێکی سروشتییە، خانە جیاجیاکانی لەش بەرهەمی‌دێنن وەک Macrophages,Endothelial cells,T-cell کارەکەی ڕێکخستنی کاردانەوەی بەرگریی لەشە. ئەمەش بەڵگەیەکی گرنگی چالاکیی بەرزی سیستەمی بەرگریی لەشە. ئەم پڕۆتینە لە لەش‌دا زیاددەکا، ئەگەر دوچاری هەوکردن و میکرۆب و نەخۆشییەکانی سیستەمی بەرگریی خۆیی و تێکچوونی دڵ و هەندێ چەشنی شێرپەنجە بووین.

بڕی ئەم پڕۆتینە دەکرێت دیاری بکرێت لەهەر یەک لە خوێنی نەخۆش‌، هەندێ جار لە شلەی شادەماری پشت Cerbrospinal Fluid و شلەی پڕۆتینی جومگەکان Synovial Fluid

ئەم شیکارییە بۆچی دەکرێت:

بۆ دەستنیشانکردنی بڕی ئەم پڕۆتینە لە لەش‌دا، بۆ هەڵسەنگاندنی باری نەخۆشەکەیە. گەر نەخۆش تووشی هەوکردن (التهاب)ێکی توندبوو، وەک قۆناغە دواکەوتووەکانی نەخۆشیی شەکرە و هەوکردنی جومگە و ئێسک و هەوکردنی ڕۆماتیزمیی جومگە و ڤایرۆس و بەکتریا و ژەهراویبوونی خوێن و گورگە پێست (الذئبة الحمراء) و نەخوشییەکانی سیستەمی بەرگریی خۆیی. سەرەڕای هەڵسەنگاندنی دۆخی دڵ و لوولەکانی خوێن.

. سەرەتا پزیشک شیکاریی CRP (C-Reactive Protein) دەنووسێ، کە جگەر لە کاتی هەوکردن‌دا بڕێکی زۆری لێ‌بەرهەم‌دێنێ. ئەگەر بڕەکەی زۆربوو، پێ‌دەچێ پزیشک ئەم شیکارییەیش بە پێویست بزانێ، تا بە تەواوی لە نەخۆشییەکە دڵنیاببێتەوە.

بڕی سروشتیی ئەم پڕۆتینە (IL-6):

بڕی ئاساییی ئەم پڕۆتینە لە خوێن‌دا، وەک ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی بڕیاری لێ‌داوە، دەبێ لە (1.8 pickgm/ml) کەمتربێ. لەوە زیاتربێ، نیشانەیەکی نەخۆشییەکەیە.

ئەنجامی شیکاریی (IL-6):

بڕی ئەم پڕۆتینە لە باری ئاسایی‌دا هەر زۆر کەم‌دەبێ و ڕەنگە هەر دیاریش‌نەکرێ ئەگەر ئەنجامی بڕەکەی زۆربوو، پێ‌دەچێ لەبەر یەکێک لەم حاڵەتانە بێ:

١. هەوکردنی ڕۆماتیزمیی جومگە.

٢.گورگە پێست (الذئبة الحمراء).

٣. نەخۆشییە هەمەجۆرەکانی سیستەمی بەرگری خۆیی.

٤. بەکتریا و ڤایرۆس.

٥. ژەهراویبوون.

٦. شەکرە.

٧. جەڵتەی مێشک.

٨. نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان.

٩. شێرپەنجە.