هەستیاری

بەشی هەستیاری:
هەستیاریی گرفتێکی باو و درێژخایەنە کە دووچاری سیستمی بەرگریی لەش دەبێت، سیستمی بەرگری لەش بەشێوەیەکی ئاسایی بەرەنگاری هەر تەنێکی نامۆ دەبێتەوە کە دێتە ناو لەش وه‌ك ڤایرۆس، بەکتریا و نەخۆشخەرەکانی دیکە، کاتێک کەسێک تووشی هەستیاری دەبێت بە ماددە (خوراکێک)ی دیاریکراو، سیستمی بەرگریی لەش بەرەنگاری ئەو ماددانە دەبێتەوە کە دەکرێت هیچ زیانێکیان بۆ لەش نەبێت وەک تەپوتۆز و دەنکەهەڵاڵە، بەڵام لەش دژەتەنی تایبەت لەدژیان دروستدەکات و بەم شێوەیە هەستیاریی سەرهەڵدەدات.

هۆکارەکانی دروستبوونی هەستیاری زۆرن و لەکەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆرێت، بە گشتی پۆلێنکراون بەسەر دوو گروپی سەرەکیدا: هەستاری بەخۆراک(Food Allergy) و هەستیاری بەهۆکارە ژینگەییەکان(Respiratory Allergy).
هەروەها هەستیاریی بە دەرمان، بۆ دەستنیشانکردنی تووندی هەستیاریی و بوون و نەبوونی هەستیاریی، شیکاری (Immunoglobulin E) پێویستە ئەنجام بدرێت، شیکارەکە بەدوو شێواز دەکرێ، شیکاری هەستیاری گشتی (Total IgE) کە تووندی هەستیاری و بوون و نەبوونی هەستیاریی دیاریدەکات ، هەروەها (Specific IgE) کە دەستنیشانی ئەو ماددەیە دەکات کە بووەتە هۆی دروستکردنی هەستیارییەکە.
بەگشتی ئەنجامدانی شیکاری (هەستیاریی بە خۆراک) و (هەستیاریی بە هۆکارە ژینگەییەکان)، بە خوێن ئەنجامدەدرێت، دەستنیشانی بوون و نەبوونی هەستیاریی و ڕادەی تووندی هەستیارییەکە دەکات لە (Total IgE) دا، و دەستنیشانکردنی جۆری ماددەی هەستیاریی دروستکەر و پلەی تووندی هەستیارییەکە .

نیشانەکانی هەستیاری:
بەگشتی هەستیاری کۆمەڵێک نیشانەی باوی هەیە، و لەکاتی دەرکەوتنی بەشێک لەو نیشانانە پێکەوە لە کەسێکدا ئەگەرهەبن ئەوا پێویستە شیکاری هەستیاری بۆئەنجامبدرێت:

نیشانەکان بریتین:
*پژمین و (چڵم).
*خوران و سوربوونەوەی چاو.
*سکچوون.
*دڵتێکەڵهاتن.
*هەناسەتووندی.
*کۆکە.
*لووت گیران و مشەمش.