بەڕیشاڵبوونی چیکڵدانەیی
حاڵەتێکی بۆماوەیی بەزیوە، بەهۆی بازدان لە بۆهێڵی CFTR ، کە تێیدا چڵمێکی لیق لەناو سییەکان و ئەندامەکانی کۆئەندامی هەرسدا کەڵەکە دەبێت بەتایبەت پەنکریاس ، کە ڕێگریدەکات لە گەشتنی ئەنزایمەکانی هەرس بە ڕیخۆڵە،کە ئەمەش ڕێگری دەکات لە هەڵمژینی ماددە خۆراکیەکان لە ڕیخۆڵەوە، و تووشبونی بە بەدخۆراکی،هەروەها دەبێتە هۆی هەوکردنی بەردەوامی سییەکان و کۆئەندامی هەرس .نەخۆشییەکە هەر لە تەمەنێکی زووی منداڵییەوە بەدەردەکەوێت و لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا خراپتر دەبێت، چارەسەریشی تەنها سوکردنی نیشانەکانە و کەسی تووشبوو تەمەنێکی کورتتر دەژی لەچاو مرۆڤێکی لەش ساغ .
نیشانەکانی بەڕیشاڵبوونی چیکڵدانەیی ئەمانەن :
-هەوکردنی بەردەوامی سییەکان.
-خیزەی سنگ، کۆکە، هەناسەکورتی و کشانی بۆڕییەکانی هەوا Bronchiectasis.
-زیادنەبوونی کێشی لەش.
– زەردهەڵگەڕانی پێست و سپێنەی چاو( تووشبوون بە زەردوویی)
– سکچون یاخود ڕشانەوە، پیساییکردنی زۆر.
– گیرانی ڕیخۆڵە لە تازە لەدایکبواندا.
– تەنانەت زۆربەی تووشبوانی بەڕیشاڵبوونی چیکڵدانەیی لەهەمانکاتدا کۆمەڵێک گرفتی دیکەشیان دەبێت وەکو : شەکرە، لاوازی، فشەڵبوونی ئێسکەکانیان، نەزۆکی ( لەپیاوانی تووشبوو)وە کێشەی جگەر و گۆشتی زیادەی لووت بەهۆی هەوکردنە یەک لەدوای یەکەکان.
چۆنیەتی دەستنیشانکردنی حاڵەتەکە :
١- پشکنینی ئارەقی لەشی کەسەکە بۆ پێوانی ڕێژەی خوێ تێیدا، کە لە نەخۆشەکاندا ڕێژەی خوێ لە ئارەقیاندا زیاد دەکات.
٢-پشکنینی بۆماوەیی لەڕێگەی لیک یاخود خوێن بۆ جینی بەرپرس CFTR -gene.
٣-پشکنینی مەمیلەکانی کۆریۆنی لە هەفتەی ١٠-١٤ ی دووگیانییەوە، یاخوو پشکنینی ئاوی سەراو لە هەفتەی ١٦-٢٠ ی دووگیانییەوە، بۆ دەستنیشان کردنی دوو کۆپی جینی بازدراوی بەڕیشاڵبوونی چیکڵدانەیی لە حاڵێکدا دایک و باوکەکە تووشبوو بن یاخوود هەڵگری جینەکەبن ( مێژووی خێزانی نەخۆشییەکەیان هەبێت)