ڤایرۆسی (Human Papillomavirus (HPV

ڤایرۆسی (Human Papillomavirus (HPV

باوترین جۆری ڤایرۆسە کە لەڕێگای سێکسەوە بگوازرێتەوە (STI) ، ئەم ڤایرۆسە چەند جۆرێکی جیاوازی هەیە کە دەبنە هۆی دروستبوونی بالوکە (Warts) لە چەند شوێنێکی جیاوازی لەشدا ، هەندێک جار (HPV) بێ ئەوەی هیچ مەترسی و برینێک دروست بکات ڕاستەوخۆ لەناودەچێت ، بەڵام هەندێک جۆریان دەبێتە هۆی دروست کردنی کێشەی تەندروستی وەک دروست بوونی بالوکە لە ئەندامی زاو و زێ (Genital Warts) و ناو دەم و قاچ یان مەترسی دروست بوونی شێرپەنجە…چۆنیەتی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە (‌HPV):ڤایرۆسەکە دەگوازرێتەوە بە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی پێست-بە-پێست ، زۆرکەس توشدەبن لە ڕێگای ئەنجامدانی سێکس لەگەڵ کەسانی هەڵگری ڤایرۆسەکە ، لە هەندێک ‌حاڵەتی دەگمەندا دایکی توشبوو دەیگوازێتەوە بۆ منداڵەکەی لە کاتی منداڵبووندا…جۆرەکانی ڤایرۆسەکە بە ژمارە پێناس کراون بەپێی (Genotype)کانیان ، کە ٣٦ (Genotype)ی جیاوازن و دابەش دەکرێن بەسەر دوو گروپدا:**کەم مەترسیەکان (Low-risk HPV). کە (Genotype)کانیان بریتین لە (6,11,40,42,43,44/55,54,61,62/81,67,69,70,71,72,89,84)**مەترسیدارەکان (High-risk HPV). کە (Genotype)کانیان بریتین لە (16,18,26,31,33,35,39,45,51,52,53,56,58,59,66,68,73,82).زۆرێک جۆری ڤایرۆسەکە نابێتە هۆی شێرپەنجە بەڵام هەندێکیان دەبێتە هۆی شێرپەنجە لە بەشە جیاوازەکانی لەشدا ئەگەر زوو چارەسەر نەکرێت وەکو شێرپەنجەی ملی منداڵدان (Cervix) و کۆم و ئەندامانی زاو و زێ ی نێر و مێ ، شێرپەنجەی گەروو (Oropharyngeal). زیاتر لە (70%)ی شێرپەنجەی ملی منداڵدان (Cervical Cancer) بەهۆی (HPV16)(HPV18) یە…ئەو جۆرانەی ڤایرۆسەکە کە دەبێتە هۆی دروست بوونی بالوکەی ئاسای جیاوازن لەوانەی دەبنە هۆی شێرپەنجە ، بۆ دیاریکردنی پلەی مەترسی ڤایرۆسەکە پێویستی بە پشکنینی تاقیگەیی هەیە بۆ دیاریکردنی جینی ڤایرۆسەکە…زۆر جار بەرگری لەش بەرنگاری ڤایرۆسەکە دەبێتەوە بەرلەوەی بالوکەکان دروست بکات.ئەو هۆکارانەی ئەگەری توشبوون بە ڤایرۆسەکە زیاد دەکەن:* سێکس: بوونی پەیوەندی سێکسی لەگەڵ کەسانی هەڵگری ڤایرۆسەکە.* تەمەن: هەندێک جۆری ڤایرۆسەکان تووشی تەمەنێکی دیاریکراو دەبن.* لاوازی بەرگری لەش: ئەوکەسانەی بەرگری لەشیان لاوازە ئەگەری توشبوونیان بە ڤایرۆسەکە زیاترە.* برینداری پێست: بوونی برین و قڵیش لە (دەرەوە و ناوەوەی لەش) ئەگەری تووشبوون بە ڤایرۆسەکە زیاد دەکات.* بەرکەوتنی کەسانی توشبو و بەکارنەهێنانی دەستکێش لەکاتی دەست دان لە شوێنی برینەکان.نیشانەکان و دەستنیشان کردنی ڤایرۆسەکە:زۆرجار ڤایرۆسەکە بێ ئەوەی هیچ نیشانەیەک دروست بکات خۆی لەناودەچێت، بەڵام ئەگەر لەناونەچێت دەبێتە هۆی دروستکردنی بالوکە هەندێک جار دکتۆرەکەت دەتوانێت تەنها بە بینین دەستنیشانی بکات ، بەڵام ئەگەر دیار نەبوون و لە ناوەوەی لەش بوون یان بۆ دیاریکردنی پلەی مەترسی ڤایرۆسەکە پێویست بە پشکنینی زیاتر دەکات.*************************شیکاری (DNA) ڤایرۆسەکە:بۆ ئەنجامدانی ئەم شیکاریە دکتۆرەکەت نمونەیەک لە بەشە تووشبووەکە وەردەگرێت لە ڕێگەی (نمونەیەک لە شلەی ناو لەشی ئافرەت یان شلەی (لینجی) ئەندامی نێرینەی پیاو یان بالوکەی دروستبووی دەوروبەری ئەندامی زاو و زێ یان ناودەم) و دەینێرێت بۆ تاقیگەی تایبەت بە شیکاری (Viral DNA) تا جۆری جینی ڤایرۆسەکە دیاری بکرێت ، ئایا مەترسی دارە و ڕەنگە ببێتە هۆی شێرپەنجە یاخود نا !! چونکە ئەو شێرپەنجەیەی بەهۆی (HPV)یەوە دروست دەبن هیچ نیشانەیەکیان نییە تا قۆناغە کۆتاییەکانی گەشەکردنی شێرپەنجەکە ، بۆیە شیکاری (DNA) پێویستە تا پێشوەخت مەترسیەکانی ڤایرۆسەکە بزانرێت.