شیکاریی (Aldosterone):

شیکاریی (Aldosterone) سوودی لێ وەردەگیرێت بۆ دەستنیشانکردنی ڕێژەی هۆرمۆنی (Aldosterone)، (Aldosterone) هۆرمۆنێکە کە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە ڕێکخستنی ڕێژەی پۆتاسیوم (Potassium)و صۆدیۆم (Sodium) لە خوێندا، هەروەها کۆنتڕۆڵی قەبارەی خوێن دەکات (کە نزیکەی (٤،٥ بۆ ٥،٥ لیترە) لە کەسێکی ئاسایی پێگەیشتوودا) ، فشاری خوێن بەجێگیری ڕادەگرێت.

ئەم هۆرمۆنە لەلایەن ڕژێنی سەر گورچیلە(Adrenal Glands)وە دەردەدرێت، کە دوو ڕژێنی بچووکن دەکەونە سەر گورچیلەکان و کاریگەریان لەسەر بەشێکی زۆر لە زیندەچالاکیەکانی لەش هەیە.

کەی ئەم شیکاریە ئەنجام دەدرێت:

لەکاتی دەرکەوتنی نیشانەکانی وەک (بەرزبوونەوەی فشاری خوێن ، بەتایبەتی کاتێک ڕێژەی پۆتاسیوم زۆر دادەبەزێت، کاتێک کە بەرزی فشاری خوێن لەلایەن دەرمانەکانی تایبەت بە بەرزەفشارەوە (Hypertension) ئاسایی نابێتەوە ، یان لەکاتی تووشبوونی کەسێک بە بەرزە فشاری خوێن لە تەمەنی گەنجێتیدا).

کاتێک ڕێژەی (Aldosterone) لە ڕێژەی ئاسایی خۆی زیاتر دەبێت (Hyperaldosteronism) دەبێتە هۆی (زیادبوونی فشاری خوێن ، لاوازی ماسولکەکان ، دابەزینی ڕێژەی پۆتاسیۆم، زیادبوونی ڕێژەی صۆدیۆم).

کاتێک ڕێژەی (Aldosterone) لە ڕێژەی ئاسایی خۆی کەمتر دەبێت (Hypoaldosteronism) دەبێتە هۆی (دابەزینی فشاری خوێن ، زیادبوونی پۆتاسیۆم ، کەمبوونی صۆدیوم).

چی پێویستە بکرێت پێش ئەنجامدانی شیکاریەکە:

شیکاری ( Aldosterone) لەڕێگەی خوێن و میزی کۆکراوەی ٢٤ کاتژمێر(Hour Urine-24) ئەنجام دەدرێت ، کاتی ئەنجامدانی شیکاریەکە زۆر گرنگە چونکە چەندین بارودۆخ هەن کاریگەری لەسەر ڕێژەی (Aldosterone) دەکەن ، هۆرمۆنی (Aldosterone) لە بەیانیاندا بەرزترین ڕێژەی هەیە و پاشان بە درێژایی ڕۆژ ڕێژەکەی بەرەو کەمبوونەوە دەڕوات ، فشاری دەروونی و خواردن (خۆراکی سوێر)و هەندێک دەرمان کاریگەری لەسەر ڕێژەی (Aldosterone) دەکەن، باروودۆخی ئەو کاتەی نەخۆش (خوێنەکەی بە پێوە لێ وەرگیراوە(واتە لەسەر هیلاکی)) یان (پاش حەسانەوەی خوێنەکەی لێوەرگیراوە).

تێکچوونی هۆرمۆنی (Aldosterone) هەیە:

زیادبوونی سەرەکی (Primary Aldosteronism): کە بە (Conn Syndrome) ناسراوە ، کە دەبێتە هۆی دەردانی ڕێژەیەکی زۆر لە (Aldosterone) لەلایەن (Adrenal Glands)وە، بەرزی ڕێژەی (Aldosterone) کرداری هەڵمژینەوەی صۆدیۆم (Sodium) و کردنەدەرەوەی پۆتاسیۆم (Potassium ) زیاد دەکات لەلایەن گورچیلەوە ، ئەمەش دەبێتە هۆی تێکچوونی هاوسەنگی خوێیەکانی لەش و زیادبوونی فشاری خوێن.

زیادبوونی لاوەکی (Secondary Aldosteronism): ئەمەیان لە تێکچوونی سەرەکی باووترە و چەند گرفتێکی تەندروستی دەبنە هۆی تێکدانی ڕێژەی (Aldosterone) هەر هۆکارێک وابکات خوێنی کەم بچێت بۆ گورچیلە ، هەندێک جار زیادبوونی لاوەکی سەرهەڵدەدات لەگەڵ نەخۆشیەکانی (دڵ و جگەر و گورچیلە)دا ، لەکاتی وشکبوونەوە و کەم خواردنەوەی ئاو سەرهەڵدەدات، لەکاتی تەسکبوونەوەی بۆریەکانی خوێن کە خوێن بۆ گورچیلە دەبەن.

دابەزینی ڕێژەی (Aldosterone): کەم دەردانی هۆرمۆنەکە (Hypoaldosteronism) دەبێتە هۆی وشکبوونەوە ، دابەزینی فشاری خوێن ، کەمبوونەوەی صۆدیۆم و زیاد بوونی پۆتاسیوم لە خوێندا.

شیکاریە پەیوندی دارەکان:

هەندێک جار لەگەڵ ئەنجامدانی شیکاری (Aldosterone) شیکاریەکانی (Plasma Renin)(Renin-ALD ratio) (Andrenocorticotrophin(ACTH)(Cortisol)) پێویستە ئەنجام بدرێت.