شیکاریی(Islet cell antibody):

شیکاریی (Islet cell antibody)بریتیە لە دەستنیشانکردنی ڕێژەی ئەو دژەتەنانەی کە هێرش دەکەنە سەر خانەکانی پەنکریاس(Beta Cell) کە بەرپرسن لە دروستکردنی ئینسۆلین (Insulin) لە لەشدا ، ئەم دژەتەنانە پێکدێن لە پرۆتینێک کە لەلایەن سیستمی بەرگری لەشەوە دروست دەکرێت دژ بە لەش و کار لە فرمانی پەنکریاس دەکات و بڕی بەرهەمهێنانی ئینسۆلین (Insulin) کەم دەکاتەوە و دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی یەکێک لە باووترین نەخۆشیەکانی جیهان ئەویش نەخۆشی شەکرەیە.

نەخۆشی شەکرە(Diabetes):

نەخۆشی شەکرە یەکێکە لە باووترین نەخۆشیەکانی جیهان کە ملیۆنان کەس بەدەستیەوە دەناڵێنن ، بەگشتی نەخۆشی شەکرە دابەش دەکرێت بەسەر دوو جۆری سەرەکیدا:

* شەکرەی جۆری یەک (Type 1 Diabetes).

* شەکرەی جۆری دوو (Type 2 Diabetes).

شیکاری (Islet cell antibody) بۆچی ئەنجام دەدرێت؟

* کاتێک کەسێک تووشی نەخۆشی شەکرە دەبێت ، پێوستە دەستنیشانی جۆری شەکرەکەی بکرێت (ئایا شەکرەی جۆری ۱) یان (شەکرەی جۆری ۲) ، بۆ دەستنیشانکردنی جۆری شەکرە پێویستە شیکاری ئەو دژەتەنانە ئەنجام بدرێت کە دژ بە خانەکانی پەنکریاس کاردەکەن.

* یان بۆ ئەو کەسانەی کە ڕێژەی شەکرەیان لە ڕێگەی دەرمان و پارێزی خۆراکیەوە بە ئاسانی کۆنتڕۆڵ ناکرێت پێویستە ئەم شیکارییە ئەنجام بدەن.

* سوودی لێ وەردەگیرێت بۆ دەستنیشانکردنی پێشووەختەی تووشبوون بە جۆری یەکەمی نەخۆشی شەکرە لەو کەسانەی کە ئەندامێکی پلەیەکی خێزانەکەی تووشی هەمان جۆر هاتووە.

پەیوەندی نێوان (Islet cell antibody) و نەخۆشی شەکرە:

دژەتەنەکە هێرش دەکاتە سەر خانەکانی پەنکریاس (Beta Cell) و تێکیاندەشکێنێت بەمەش بڕی بەرهەم هێنانی هۆرمۆنی ئینسۆلین(Insulin) زۆر کەم دەبێتەوە و بەرەونەمان دەچێت.

ئینسۆلین (Insulin) هۆرمۆنێکە یارمەتی خانەکانی لەش دەدات بۆ بەکارهێنانی گلوکۆز (Glucose) وەک سەرچاوەی سەرەکی وزە ، کاتێک بڕی ئینسۆلین کەم بەرهەم بهێندرێت لەلایەن پەنکریاسەوە شەکر لە خوێندا کەڵکە دەبێت (Hyperglycemia) لەلایەن خانەکانەوە بەکار ناهێنریت و دەبێتە هۆی نەخۆشی شەکرە کە ئەمەیان بە جۆری یەکەمی شەکرە ناسراوە.

زیاتر لە ۹٥٪ ی ئەوکەسانەی کە جۆری یەکەمی شەکرەیان هەیە بەهۆی دژەتەنەکانەوە تووشبوون ، چونکە لە جۆری دووەمی شەکرە بە دژەتەنەکان بەهیچ جۆرێک ڕۆڵ نابینن ، هەربۆیە شیکاری دژەتەنەکانی پەنکریاس گرنگترین شیکاریە بۆ جیاکردنەوەی هەردوو جۆری شەکرە و وەرگرتنی چارەسەری دروست.

مانای شیکارییەکە چی دەگەیەنێت؟

* ئەگەر دژەتەنەکە (Islet cell antibody) بوونی هەبوو لەلەشدا مانای وایە جۆری یەکەمی شەکرەیە (Type 1 Diabetes).

* ئەگەر دژەتەنەکە (Islet cell antibody) نەبوو مانای وایە جۆری دووهەمی شەکرەیە(Type 2 Diabetes).

* هەندێک جار لە جۆری یەکەمی شەکرەشدا دژەتەنەکە دەرناکەوێت ٫ بەهۆی هەرهۆکارێکی ترەوە بێت پەنکریاس بڕی پێویست لە ئینسۆلین بەرهەم ناهێنێت بەڵام ئەمە حاڵەتێکی دەگمەنە.

شیکاری پەیوەندیدار:

سەرەتا کاتێک کەسێک گومان دەکرێت تووشی نەخۆشی شەکرە بووبێت ، پێویستە شیکاریەکانی (Blood Glucose)(%HbA1c) ئەنجام بدات ، پاشان بۆ دیاریکردنی جۆری شەکرەکەی شیکاری دژەتەنەکانی وەک (Islet cell antibody)ی بۆ ئەنجام دەدرێت..