شیکاریی(Prothrombin Time)(PT)(INR):

شیکاری (PT) بریتییە لە پێوانەکردنی تێکڕای کاتی خایەندراوا بۆ مەیینی خوێن ،

بڕی (PT) بە چرکە پێوانەدەکرێت و ئەنجامی شیکاریەکە بڕی چرکەی خایەندراو بۆ کرداری خوێن مەیین ڕووندەکاتەوە ، بەگشتی شیکاری (PTT) هاوپێچ لەگەڵ شیکاریی (PT) ئەنجام دەدرێت کەپێکەوە چالاکی هۆکارەکانی مەیاندن (Coagulation Factor) و کرداری مەیاندن ڕووندەکەنەوە. (Prothrombin) بریتیە لە (Factor II) کە یەکێکە لەو پرۆتینانەی کە بەشداری دەکات لە کرداری مەیاندنی خوێندا ، لەشی مرۆڤ چەند جۆرێکی جیاواز لە هۆکارەکانی مەیاندن (Coagulation Factor) دروست دەکات بوونی گرفت لە هەریەک لەو هۆکارانادا سیستمی مەیاندنی خوێن پەکدەخات و گرفتی تەندروستی بەدوادادێت، کاتی خایاندراو بۆ مەیاندن گۆڕانی بەسەردا دێت.

بڕی (INR) چیمان بۆ ڕووندەکاتەوە؟

یان (International Normalised Ratio):

بڕی (INR) هەژمارکردنێکی تاقیگەییە پشت بە بڕی (PT) دەبەستێت ، سوودی لێ وەردەگیرێت بۆ دەرخستنی کاریگەری ئەو دژەمەیاندنانەی(Anticoagulant) کە لەلایەن کەسەکەوە بەکاردەهێندرێت وەک (Warfarin)، تا هاوسەنگی لە بڕی وەرگرتنی دەرمانەکەدا ڕابگیرێت ، چونکە زیادبەکارهێنانی دژەمەیاندنەکان (Anticoagulant) دەبێتە هۆی خوێنبەربوون (Excessive Bleeding)(کاتێک بڕی (INR) لە بڕی ئاسایی زیاتربێت) ، وەرگرتنی بڕێکی کەمتر لە بڕی پێویست لە دەژەمەیاندنەکان دەبێتە هۆی تۆپەڵبوونی نائاسایی خوێن (Thrombosis)(کاتێک بڕی (INR) لە بڕی ئاسایی کەمتربێت). ئەگەر بڕەکەی زیاد لە بڕی پێویست دابەزێت دەکرێت مەترسی دروست بکات و ببێتە هۆی (جەڵدەی دڵ و گیرانی بۆریەکانی خوێن).

کەی شیکاری (PT) پێویستە ئەنجامبدرێت؟

* لەکاتی بەکارهێنانی دژەمەیاندنەکان وەک (Warfarin) بۆ چاودێری کاریگەری و بڕی وەرگیراوی دەرمانەکە ، پێویستە مانگانە (هەفتانە) شیکاریی (PT) ئەنجامبدرێت.

* بۆ ئاگادار بوون لە مەترسیەکانی خوێن بەربوون و خوێن مەیاندنی ناوەکی.

* کاتێک درەنگ گیرسانەوەی خوێن لەکاتی برینداربووندا.

* بەرلە ئەنجامدانی نەشتەرگەری ئەنجام دەدرێت بۆ دڵنیایی لە توانایی خوێن گیرسانەوە دوای برینداربوون.

* هەندێک جار لەکاتی بوونی گرفت لە مۆخی ئێسک و شێرپەنجەی خوێن ئەم شیکاریە ئەنجام دەدرێت.

* لەکاتی دەرکەوتنی نیشانەکانی بوونی گرفت لە سیستمی خوێن مەیندا (خوێن بەربوون یان خوێن مەیینی نائاسایی):

– خوێن بەربوونی بێ هۆکار و ئاسان شینبوونەوە.

– تۆپەڵبوونی خوێن و خوێن مەیین لە ناو بۆریەکانی خوێندا (کاتێک کە پێویست نییە ڕووبدات).

– بوونی خوێن لە میز و پیساییدا.

– ئاسان برینداربوون و خوێن بەربوونی پووک.

– تووندی سووڕی مانگانە (بوونی خوێنی زۆر).

– خوێن بەربوونی لووت (بێ هۆکار و دووبارە بوونەوەی).

– ئاوسان و ئازاریی جومگەکان.

– لەکاتی بوونی نەخۆشیکانی جگەر کە کاریگەری لەسەر سیستمی خوێن مەیین بکات.

مانایی شیکاریەکە چی دەگەیەنێت؟

* کاتێک بڕی (PT)(INR) لە بڕی ئاسایی زیاتربێت مانایی وایە کردادی خوێن مەیین کاتێکی زیاتر دەخایەنێت ، ئەمەش دەکرێت بەهۆی یەکێک لە هۆکارەکانی وەک (کەمی ڤیتامین کەی (vitamin K) ، بوونی گرفت لە یەکێک لە هۆکارەکانی مەیاندن دا (Coagulation Factor) ، بوونی نەخۆشیی جگەر ، زیاد بەکارهێنانی دژەمەیاندنەکان وەک(Warfarin)… هتد)

* ئەگەر بڕی (PT)(INR) لە بڕی ئاسایی کەمتربێت مانایی وایە کرداری خوێن مەیاندن خێراتر لە باری ئاسایی خۆی ڕوودەدات.

** هەندێک لە دەرمان و خواردن و خواردنەوەکان کاریگەری لاوەکیان دەبێت لەسەر بڕی (PT)(INR):

– خواردنەوە کحولیەکان.

– بەشێک لە ئەنتی بایۆتیکەکان (Antibiotics) دەبنە هۆی زیادبوونی بڕی (PT)(INR).

– ئازارشکێن و دەرمانی دژەسکپڕی و وەرگرتنی ڤیتامین کەی (vitamin K) و بەشێک لە چارەسەرە هۆرمۆنیەکان دەکرێت ببنە هۆی کەمکردنەوەی بڕی (PT)(INR).

– (گۆشت، جگەری ئاژەڵ، چای سەوز، برۆکلی، شێلم) کار لە بڕی (PT)(INR) دەکەن.

شیکاریە پەیوەندارەکان بە:

– PTT test.

– Platelet Count.

– Von Willebrand Factor test (VWF).

– Fibrinogen testing.

– Coagulation Factor (V, VII and X).