شیکاریی (PTT)(Partial Thromboplastin Time):

شیکاریی (PTT) توانایی و کاتی خایەندراو بۆ خوێن مەیینی ڕووندەکاتەوە ، لەکاتی برینداری یان خوێن بەربوون دا سیستمی خوێن مەیاندن چالاک دەبێت بە چالاک بوونی چەندن هۆکاری مەیاندن (Coagulation Factors) و کاتێکی دیاریکراو دەخایەنێت. شیکاریی (PTT) بڕی کاتی خایەندراو بۆ پرۆسەی خوێن مەیاندنەکە پیشان دەدات، کەم بوون یان باش کارنەکردنی هەریەکێک لە هۆکارەکانی مەیاندن کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئەنجامی شیکاریی (PTT) دەبێت و کاتی خوێن مەیین زیاد دەکات و مەترسی خوێن بەربوون دروست دەبێت ، بڕی (PTT) دەکرێت هەندێک جار بەهۆی دژەتەنەکانەوە گۆڕانی بەسەردابێت کە لەش دژی چەند پێکهاتەیەکی لەش درووستی دەکات وەک (Antiphospholipid).

بۆچی شیکاریی (PTT) ئەنجام دەدرێت؟

شیکاریی (PTT) بۆ نەخۆشیەکی دیاریکراو ئەنجام نادرێت ، بەگشتی شیکاریی (PTT) لەگەڵ شیکاریی (PT) پێکەوە ئەنجام دەدرێن ، هەرنائاسایی بوونێک لە بڕی (PTT) دەکرێت بەهۆی یەکێک لەم هۆکارانەوە بێت:

* ناڕێکی لە بڕ و فرمانی یەکێک لە هۆکارەکانی مەیاندن (Factors XII, XI, IX, VIII, X, V, II (Prothrombin), and I (Fibrinogen)).

* بەهۆی کاریگەری یەکێک لە دژەتەنەکانی لەشەوە وەک (Antiphospholipid)(Lupus Anticoagulant).

* بەهۆی کاریگەیی دژەمەیاندنەکانەوە (Anticoagulant) وەک هیپارین(Heparin).

* چەند جۆرە نەخۆشیەک.

کەی شیکاریی (PTT) پێویستە ئەنجام بدرێت؟

* لەکاتی ئاسان خوێن بەربوون و شینبوونەوە.

* لەکاتی مەینی خوێن لە یەکێک لە بەشەکانی لەشدا.

* لەکاتی نەخۆشی جگەری دێژخایەن.

* لەکاتی بوونی گرفت لە سیستمی مەیاندنی خوێندا.

* لەکاتی لەبارچوونی منداڵ و چەندبارە بوونەوەی لەبەرچوونەکە.

* لەکاتی وەرگرتنی چارەسەری (Heparin) بۆ چاودێری کردنی بڕی چارەسەری وەرگیراو (کە بەگشتی بۆ بەرگری کردن لە مەیینی خوێن و هەندێ باروودۆخی وەک جەڵدەی دڵ و نەخۆشیەکانی دڵ بەکاردێت).

* پێش ئەنجامدانی نەشتەرگەری.

* لەکاتی بوونی گرفت لە سیستمی بەرگری لەشدا(Immune System Disorder).

* لەکاتی دەرکەوتنی نیشانەکانی خوێن بەربوون.

مانای شیکاریەکە چی دەگەیەنێت؟

** ئاسایی بوونی بڕی (PTT) مانایی ئاسایی بوونی سیستمی مەیاندن دەگەیەنێت.

** بەرزی بڕی (PTT) مانایی وایە کاتی خایەندراو بۆ خوێن مەیین زیاترە لە بڕی ئاسایی کە ئەمەش چەندین هۆکار کاری تێ دەکەن لەوانە:

– نەخۆشی کەمی هۆکاری (Von Willebrand Factor)، گرفتی خەپلەکانی خوێن.

– کەمی هۆکارەکانی مەیاندن(Coagulation Factors).

– بڕی ڤایتامین کەی (Vitamin K).

– لەکاتی ( Hemophilia A orB ).

– بوونی نەخۆشیەکانی جگەر.

– وەرگرتنی بڕی زیاد لە پێویست لە دژەمەیاندنەکانی وەک (Heparin).

– دەکرێت بەهۆی بوونی نەخۆشی شێرپەنجەی خوێنەوە بڕی (PTT) زیادبکات.

– بەهۆی بوونی گرفت لە سیستمی بەرگری لەش.

** کەمی بڕی (PTT) مانایی وایە کاتی خایەندراو بۆ مەیینی خوێن کەمترە لە بڕی ئاسایی:

– دەکرێت لەباری (Disseminated Intravascular Coagulation (DIC)).

– لەکاتی شێرپەنجەکانی پەنکریاس وکۆڵۆن و هێلکەدان.

– لەکاتی بوونی هەندێک بارودۆخی هەوکردن یان لوو دا کە ببێتە هۆی زیادبوونی (Factor VIII) کە کاتییە و پاش نەمانی بارودۆخەکە بڕی (PTT) ئاسایی دەبێتەوە.

چەندین هۆکار کار لە ئەنجامی شیکاریی (PTT) دەکەن لە گرنگترینیان:

* زیاد بەکارهێنانی هیپارین (Heparin).

* دەرمان لەوانە (Antihistamines)Vitamin C)(Aspirin)(Chlorpromazine)).

شیکاریە پەیوەندارەکان:

• Prothrombin Time Test (PT).

• Clotting Time.

• Platelet Count.

• Fibrinogen Testing.

• Coagulation Factor Tests (X, V, VIII).

• Lupus Anticoagulant Testing.

• Antiphospholipid Ab.

• Von Willebrand Factor.